ناکرێت بەپێی ئەنجامی گەڕانی گووگڵ گفتوگۆ بکەیت

سندوقی وەڵامی گووگڵ (Google’s Answer Box) یەکێکە لە تایبەتمەندییە باشەکانی گووگڵ، لە پەڕەی ئەنجامەکانی مەکینەی گەڕان (SERP) دەردەکەوێت. ئەو سندوقەیە کە دەقێکی پوخت و کورتت بۆ دەنووسێت، تا بەخێرایی وەڵامی پرسیارەکانت دەست بکەوێت. ئەم تایبەتمەندییە سوودێکی زۆری هەیە بۆ بەکارهێنانی ئاسایی ڕۆژانە، بۆ نموونە: مانای تەواوی ئەم کورتکراوەیە چییە؟ یان چ ساڵێک ئەم وڵاتە سەربەخۆیی بەدەستهێنا و سەدان پرسیاری تر.

بەڵام ئەوەی دەبێت بیزانین ئەوەیە، هەر دەقێک لەو سندوقەدا دەرکەوت مانای ئەوە نییە دەتوانیت بیکەیت بە سەرچاوەی گفتوگۆکانت. ماوەیەکی زۆرە ئەوە لەگەڵ کەسە نزیکەکان و هاوڕێکانم هەست پێدەکەم. دەبێت بزانین گفتوگۆ لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستیی نوێ و پەرتووک و سەرچاوەی دروست دەکرێت، من شتێکی نوێ فێردەبم و گفتوگۆی لەسەر دەکەم. بۆ نموونە ساڵەکانی دەستپێکردن و کۆتایی هاتنی نەوەکان، وەک: (Boomers, X, Y, Z و Alpha) زۆر بەجوانیی لە کتێبی (Marketing 5) باسکراون و شیکردنەوەیەکی زانستیی تەواوە. بەڵام بەرانبەرەکەم هاوڕام نییە و لە گووگڵ گەڕان دەکات بۆ ئەوەی پێم بڵێت نەوەی Z لە 1997 تا 2009 دەستپێناکات بەڵکو لە 1996 تا 2011یە.

نموونەی لەو شێوەیە زۆرە و من لە گفتوگۆکاندا زۆر هەستی پێ دەکەم، کارێکی هەڵەیە و سندوقی وەڵامەکانی گووگڵ نابێت بکرێتە سەرچاوەی گفتوگۆ. ڕاستە گووگڵ هەمیشە دەیەوێت نوێترین و ڕاستترین وەڵامەکان بداتەوە، بەڵام دواجار وەڵامەکان لە ماڵپەڕەکانەوە دێن، وەک چۆن بەردەوام هەواڵ لە کەناڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دێن. ئایا دەکرێت بەردەوام قسە بە کەسانی تر ببڕیت؟ بڵێیت ئێوە هەڵەن و سەرچاوەکەی من دروستە، چونکە لە تەلەفزیۆن گوێم لێبووە؟
ئێستا بووە بە باو! لەپڕ کەسێک قسەیەکی سەیر و سەمەرە ئەخاتە ناو گفتوگۆیەکەوە، کاتێک لێی دەپرسیت ئەمەت لەکوێ هێناوە، دەڵێت “لە فەیسبووک خوێنمەوە، بۆستە با بۆت بدۆزمەوە.”