گرنگترین ئەو بابەتانەی لە براین ترەیسییەوە فێریان بووم (بەشی یەکەم)

ماوەیەک لەمەوبەر، پێنج کتێبم بە دیاری بۆهات، کە لەناو یەک گورزەدا بوون و لەلایەن نووسەر و تایبەتمەند لە بواری گەشەپێدانی خود، براین ترەیسی (Brian Tracy) نووسراون، ئەم نووسەرە ساڵی ١٩٤٤ لە کەنەدا لەدایک بووە، لە ماوەی کارکردنیدا وەکو خاوەنی کۆمپانیا (Chairman) و بەڕێوەبەری جێبەجێکار (CEO) و قسەکەری هاندەر (Motivational Speaker) و نووسەر، کاری کردووە، ساڵی ١٩٨٤ کۆمپانیای تایبەتیی خۆی دامەزراندووە بەناوی (Brian Tracy International) و خزمەتگوزاری و ڕاوێژکاریی لە بوارەکانی کارگێڕی و بازاڕگەری و سەرچاوە مرۆییەکان و چەندانی تر پێشکەش دەکات، خاوەنی زیاتر لە ٨٠ کتێبە و کتێبەکانیشی لە پڕ فرۆشترینەکانن.

کاتێک لەناو گورزەکەدا دووانم لە کتێبەکان خوێندەوە، ئەو بیرۆکەیەم بۆ هات بۆچی گرنگترین ئەو بابەتانەی فێریان بووم نەکەم بە بڵاگ و هەر کتێبەیان بە جیا بڵاونەکەمەوە؟ لە ڕاستیدا پێم وایە بابەتەکان ئەوەندە دەهێنن و بەسوودن کە بە زمانی کوردیش بوونیان هەبێت و هەر کەسێک ئارەزووی ئەو بوارانە دەکات، بتوانێت فێریان ببێت و لە ژیانی خۆیدا بەکاریان بهێنێت، دەمەوێت ئەوەش بڵێم لە ڕاستیدا من کتێبەکان وەرناگێڕم، یاخوود بابەتەکان هەڵبژێرم و تەنها بە زمانی کوردی بیان نووسمەوە، بەڵکو خوودی بابەتەکە و زانستەکانیش کە بابەتەکانی لەسەر بونیاد نراوە باس دەکەم و کتێبەکە وەکو سەرچاوە بەکار دەهێنم، بۆیە هیوادارم ئێوەش بەشداربن لەگەڵم، گەر سوودتان لێوەرگرت لای خۆتان بڵاوی بکەنەوە، ئەگەر زیادکردنێکتان هەبوو بۆم بنووسن، یاخوود هەڵەیەکم کردبوو، سوپاستان دەکەم بۆم ڕاست بکەنەوە.

ڕاسپاردن و سەرپەرشتی کردن (Delegation & Supervision) یەکەم کتێبە کە لە گورزەکەدا باسی لێوە بکەین و گرنگترین بابەتەکانی باسبکەین.

پێشەکی پێویستە بزانین ڕاسپاردن (Delegation) چیە؟ ڕاسپاردن یەکێکە لە توانا و لێهاتووییە بنەڕەتییەکان کە پێویستە لە هەموو بەڕێوەبەرێکدا بوونی هەبێت، دەبێت بزانین کە یەکێک لە کلیلەکانی سەرکەوتنی هەموو کۆمپانیا و دامەزراوەیەک بریتییە لەوەی بەڕێوەبەرەکان چۆن ڕاسپاردن دەکەن، یاخود چۆن ئەرکەکان بە کەسانی تر دەسپێرن و سەرپەرشتی دەکەن.
بەشێکی زۆری بەڕێوەبەران، ئاستی ڕاسپاردنیان لاوازە و ئەمەش دەبێتە هۆی درووست بوونی چەندین کێشە لە دامەزراوەکەدا، کە دوواتر باسیان لێوە دەکەین، دەبێت ئەوەمان لە یادبێت کە پێویستە سەرجەم ئەرک و لێپرسراویەتییەکان، بەشێوەیەکی درووست و ڕێکوپێک لەلای هەر کەسێک بێت کە لە دامەزراوەکەدا کار دەکات، هەر بەڕێوەبەرێک یاخود سەرپەرشتیارێک توانای ڕاسپاردنی نەبوو، ئەوا دەکەوێتە بەردەم هەڵبژاردنی دووەم، کە پێویستە خۆی کارەکە ئەنجام بدات، کاتێکیش ئەمەی کرد، لە کۆتاییدا کۆمەڵێک ئەرک و کاری گرنگی لە بەردەمدا کەڵەکە دەبێت و چیتر کاتی پێویستی نابێت بۆ ئەرک و لێپرسراویەتییە سەرەکییەکانی، کە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکەیە.

دەزانین کە هەموومان لە ژیانی ڕۆژانەماندا کاتەکانمان یەکسانە، بەڵام کاتێک ئەرکەکانمان زیاتر بوون لە کاتی دیاری کراو، ئەوا ئەنجامەکان خراپ و بێسوود دەبن و لە کۆتایی ڕۆژەکەدا بەرهەمێکی دیار و پوخت نایەتە بەردەستمان، ئەمەش هەمان شێوەیە بۆ بەڕێوەبەرێک کاتێک ئەرکەکانی زیاتر دەبێت لە کاتی دیاری کراوی بەردەستی، ئەوا تەواوی دامەزراوەکە یاخود ڕێکخراوەکە لە چوست و چالاکی دەکەوێت و ئەنجامی خواستراوی نابێت.

لە کۆتایی بابەتەکەدا بە تەواوی تێدەگەین کە لاوازی لە ئاستی ڕاسپاردندا، چەندە مەترسی دارە و تەواوی سەرچاوە مرۆییەکان بەهەدەر دەدات، هەروەها لێهاتوویش لە ئاستی ڕاسپاردنی ئەرکەکاندا، چۆن ئامانجەکان زیاتر لە ڕاستییەوە نزیک دەکاتەوە و سەرچاوە مرۆییەکانیش بەهێز و چالاک دەکات، لە ڕاستیدا هەواڵە خۆشەکەش ئەوەیە کە هونەری ڕاسپاردن و سەرپەرشتی کردن، بابەتێکە هەموو کەسێک دەتوانێت فێری ببێت بەبێ جیاوازی. کەواتە با دەست پێ بکەین.

ئەو پێنج هەڵەیەی کە بەڕێوەبەرەکان لە ڕاسپاردن دا ئەنجامی دەدەن:

هەڵەی یەکەم: وتەیەکی کۆن هەیە دەڵێت “زۆر سەیرە هەرگیز کاتی پێویست لەبەر دەستدا نیە کە کارەکە بە ڕاستی ئەنجام بدەین، بەڵام کاتی پێویست لەبەردەستدایە کە چەندین جار هەمان کار دووبارە بکەینەوە، لەبەر ئەوەی لە سەرەتادا بە باشی ئەنجام نەدراوە” زۆر جار لە شوێنی کارەکەت، بەڕێوەبەرەکەت یاخود سەرپەرشتیارەکەت ڕەنگە کارێکی پێ سپاردبیت و تۆش دەکرێت بەهۆی خراپی جۆرایەتی ڕاسپاردنەکەوە کارەکەت وەکو خۆی ئەنجام نەدابێت، بۆیە دواجار سەرزەنشت کراویت و هەمان کار سپێردراوەتەوە بە کەسێکی تر یاخود بەڕێوەبەرەکەت خۆی ئەنجامی داوە، باشە بۆچی؟ ئەمە خاڵی یەکەم و هەڵەی یەکەمە، بەڕێوەبەرەکان دەڵێن ‘کاتمان نیە تا بەتەواوی کەسی ڕاسپێرداو تێبگەیەنین کە چیمان دەوێت” بۆیە دەبینیت ئەو کارەی پێویستە ئەنجام بدرێت دەینێرن و دەڵێن لەو کاتەدا تەواوی بکە! باوەڕدەکەیت؟ ئەوە تەنها زانیاریە کە لەبەر دەستتدایە!
کەواتە ئەمە هەڵەی یەکەمە: دوور بکەوەرەوە لەوەی بڵێیت کاتم نیە کەسی ڕاسپێرداو تێبگەیەنم کە پێویستە چی بکات، ئامانجەکەت ڕێکبخە و تەواو کەسی بەرامبەر حاڵی بکە لەوەی چیت دەوێت و بۆچی دەتەوێت و کەی دەتەوێت تەواو بێت، گەر بەباشی ڕاسپاردن بکەیت، ئەوا کارەکەت خێراتر و باشتر دەگاتە ئەنجام.

هەڵەی دووەم: بەڕێوەبەرەکان دەڵێن “ئەو کەسانەی لەگەڵم کار دەکەن وەکو پێویست بەتوانا و لێهاتوونین” هەمیشە کەمتر لەوەی هەیە تەماشای کارمەندەکانیان دەکەن، لە ڕاستیدا ئەمە گەورەترین هەڵەیە و کارە ڕاستەکە ئەوەیە، کە هەمیشە زیاتر لەوەی پێشتر ئەنجامیان داوە چاوەڕێ بکەیت، مرۆڤەکان ئەو کاتەی متمانەت پێیان هەبوو زیاتر لەوەی پێشبینی دەکەیت پێشکەش دەکەن.

هەڵەی سێیەم: یەکێک لە نیشانەکانی کارگێڕی خراپ بریتیە لەوەی کە بەڕێوەبەرەکان دەڵێن “ئەگەر بمەوێت ئەنجامێکی باشم هەبێت، کەواتە پێویستە خۆم کارەکە ئەنجام بدەم” یەکێک لە گەورەترین هەڵە تێگەیشتنەکانە، کاتێک بەمشێوەیە کار بکەیت ئەوا ئەرکەکانت یەک لە دوای یەک زیاتر دەبن و کاتەکانیشت کەمدەبنەوە و بێ ئەنجام کۆتایی بە ڕۆژەکەت دەهێنیت.

هەڵەی چوارەم: بەشێکی زۆر لە بەڕێوەبەرەکان هەستی خۆپەسەندی/لوتبەرزی (Ego) یان لە ڕادەیەکی زۆردایە، کە وا بیردەکەنەوە خۆیان لە بەرزترین پلەدا نین ئەگەر ئەرکەکان ڕابسپێرن بە کەسانی چواردەوریان، لە ڕاستیدا ئەمە تەواو پێچەوانەیە و بەڕێوەبەر هیچ کاتێک ناتوانێت دەسەڵاتی تەواوی هەبێت و هەموو شتێک بە خواستی خۆی بجوڵێنێتەوە، هەروەها پێویستیش نیە کە وابێت، بۆیە کاتێک راسپاردن دەکات، پەیوەندییەکی باشتری دەبێت لەگەڵ کەسانی چواردەوریدا، بە هۆکاری گۆڕینەوەی بیرۆکە و ئەنجامەکان.

هەڵەی پێنجەم: دەڵێن “ئەگەر خۆت لە کارێکدا باش بوویت، کەواتە پێویستە خۆت ئەنجامی بدەیت” یاسایەک هەیە بەناوی یاسای ٧٠٪ واتە گەر کەسێک هەبوو کە ٧٠٪ ی شارەزاییەکەی تۆی هەبوو لە کارێکدا، ئەوا پێی بسپێرە و خۆت بچۆ بۆ ئەنجامدانی کاری گەورەتر.

کەواتە ئێستا پێنج هەڵەی دیاری بەڕێوەبەرەکانمان زانی، کە دەبنە هۆی درووستبوونی ژینگەیەکی نالەباری کارکردن و سیستەمێکی کارگێڕی خراپ، بۆیە دەتوانیت گەر ئەم بیرکردنەوانەت هەبووە دەستبەرداریان ببیت!

پێوانەیی بوون، دانانی پێوانە (Standard)
هەموو بەڕێوەبەرێک دەیەوێت کارمەندەکانی لەوپەڕی کارامەیی و چالاکیدا بن، لە ڕاستیدا ئەمە کاتێک دەکرێت کە پێوانەت هەبێت، پێویستە هەر کارمەندێک بە ڕوونی بزانێت بۆچی کار دەکات  و بۆ لەو شوێنەدایە و چی لێ داوادەکرێت، بەڕێوەبەری سەرکەوتوو پێویستە ئامانجەکانی ئاشکرابێت، بە ووردی ئەرک و لێپرسراوییەتی سەرجەم کارمەندەکانی ڕوونکردبێتەوە، هەروەها بە تەواوی باسی کردبێت کە ئامانجی ئەم کارمەندە چیە، لە ڕاستیدا دەبێت بەڕێوەبەر بزانێت ئەو پێوانانەی دایناون لە چ ئاستێکدان، ئاستێک لە پێوانە کردن هەیە کە کارمەند هەمیشە هەست بە ئاسایی بوون و بێ بایەخی ئەرکەکانی دەکات و بەردەوام ترسی ئەوەی هەیە کە کارەکەی لەدەست بدات، ئاستێکیش هەیە لە پێوانەکردن کە کارمەند هەست بە تایبەت بوونی خۆی دەکات و دەزانێت کە خەریکە کارێک ئەنجام دەدات کە بۆ دامەزراوەکەی و بەڕێوەبەرەکەی گرنگە.

ئەمانە چەند خاڵێکن کە دەتوانێت پێوانە (Standards) کان بەرزبکاتەوە:

یەکەم: ئەنجامەکان بڵاوبکەرەوە، لە کۆتایی هەموو هەفتەیەک یاخود هەموو مانگێک ئەنجامی تەواوی کارمەندەکان بڵاو بکەرەوە، لەم ڕۆژانەدا کە بەشێکی زۆری کردارەکان بە دیجیتاڵ کراون، دەکرێت لەڕێگەی ماڵپەڕی تایبەتی کۆمپانیاکەتەوە ئەو کارە بکەیت، تەواوی ئەو کارانەی کە کارمەندەکە لەماوەی ئەو هەفتەیە، یاخود لەماوەی ئەو مانگە ئەنجامی داوە، وەکو نمرە بڵاو بکەرەوە یاخود هەڵیبواسە، ئەنجامەکان چاوەڕوان نەکراو دەبن کاتێک کارمەندەکان نمرەکانی خۆیان دەبینن هەموو کۆتایی هەفتەیەک یاخود هەموو کۆتایی مانگێک، ئەمە یارمەتییان دەدات کە ببینن لەو ماوەیەدا چییان کردووە، هەروەها بۆیان دەردەکەوێت کە لەڕاستیدا کارەکانی ئەنجامیان داوە بەلای بەڕێوەبەرەوە گرنگە.

دووەم: پێشبڕکێ و ڕکابەری درووست بکە، ئەو کارانەی کە کارمەندەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەنجامیان داوە، سوودەکانیان بخەرە ڕوو پاشان هەڵیبواسە، بۆ نموونە ئەگەر کۆمپانیاکەت نوێنەری فرۆشتن لەناو شارەکەدا بڵاودەکاتەوە، بە مەبەستی فرۆشتن یاخود ناساندنی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان، ئەوا لە کۆتایی هەفتەکەدا هەر یەکە لە نوێنەرەکان ژمارەی پسوڵە یاخود گرێبەستی خۆیان هەیە، کە هەر یەکەیان لە ئاستێکدایە، بۆ نموونە یەکێک لە نوێنەرەکان ٢ ملیۆن دیناری فرۆشتووە و یەکێکی تریان ٥ ملیۆن دیناری فرۆشتووە، ئەنجامەکان لە زۆرەوە بۆ کەم ڕیز بکە و بە ناوی کارمەندەکانەوە هەڵیبواسە، ئەمە هەستی پێشبڕکێ و ڕکابەریی درووست دەکات، ئەوانەی کەمیان فرۆشتووە هەوڵی زیاتر دەدەن کە بچنە ڕیزەکانی یەکەم و ئەوانەش کە لەڕیزەکانی یەکەمن هەوڵی زیاتر دەدەن کە لە شوێنی خۆیان بمێننەوە، گرنگی ئەم جۆرە بڵاوکردنەوانە لەوەدایە کە پشتبەستن بە ژمارە و زانیاری ڕاست و درووست، لە ڕاستیدا کارمەند چەندی فرۆشتووە بەو نمرەیە دەچێتە ڕیزبەندییەوە، ئەمە جیاوازە لەوەی بەڕێوەبەر بە حەز و خولیای خۆی ڕیزبەندی بۆ کارمەندەکان بکات و باشترینیان هەڵبژێرێت.

سێیەم: کاری گرنگ و هەستیار بسپێرە بە کارمەندەکانت، بەشێکی زۆری کارمەندەکان هەست بە بێزاری و ناڕێکی دەروونی دەکەن کاتێک هەموو ڕۆژێک هەمان کار و ئەرک دووبارە دەکەنەوە و هەمان ئەنجام دەدەن بەدەستەوە، یاخوود ڕەنگە ئەو کارانەی پێی هەڵدەستن کەمتربن لە ئاستی ڕاستەقینەی خۆیان، بۆیە هەندێک جار ئەرکی گرنگ و هەستیار بسپێرە بە کارمەندەکانت، لەم ڕێگەیەوە تێدەگەن کە ئەوانیش گرنگن بۆ دامەزراوەکە و زیاتر توانا و لێهاتوویی خۆیان دەخەنە گەڕ.

چوارەم: وا لە کارمەندەکانت بکە هەست بکەن براوەن، ئێمەی مرۆڤ هەمیشە ئارەزووی بردنەوە دەکەین، دەبێت بزانین هەستی بردنەوە تەنها لە وەرزشەکاندا نیە، بەڵکو هەموو کارمەندێک لەسەر کارەکەی حەز دەکات براوەبێت، بۆیە ئەرکی بەڕێوەبەرە کە بەردەوام دەستخۆشی و پێزانینی هەبێت بۆ هەر ئەرکێک کە کارمەندەکەی بە تەواوی و لێهاتوویی ئەنجامی دەدات، بەم ڕێگەیە کارمەندەکە هەست بە ڕێزی خۆی دەکات و تایبەتمەندییەکانی خۆی دەبینێت، بەڕێوەبەر دەتوانێت هەستی بردنەوە لای کارمەندەکانی درووست بکات، جا بە پێزانین بێت یاخود پاداشتێک.

سێ جۆرایەتی کە لە باشترین بەڕێوەبەرەکاندا هەیە

بەپێی چەند ڕاپرسیەک کە لە ١٦ بواری جیاواز لە کۆمپانیاکاندا ئەنجام دراون و زیاتر لە ٣٢٠٠٠ کارمەند تێیدا بەشداربوون، لە ئەنجامدا سێ جۆرایەتی بەدیار کەوتووە کە لە هەموو بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوودا بوونی هەیە، ئەم جۆرایەتییانە مانای ڕاسپاردن و سەرپەرشتیکردنی تەواو و درووست دەدەن، کە لە کۆتاییدا ئەرکەکان وەکو خۆیان و بە باشترین شێوە دەگەنە ئەنجام.

جۆرایەتی یەکەم: بەهەند وەرگرتن / گرنگی پێدان.
بەشێکی زۆری کارمەندەکان لە پێناسەی بەڕێوەبەرە باشەکانیاندا گوتوویانە “هەست دەکەم بەڕێوەبەرەکەم وەکو مرۆڤێک گرنگیم پێ دەدات پاشان وەکو کارمەندێک” بەڕێوەبەری باش گرنگی بە ژیان و گوزەرانی کارمەندەکانی دەدات، پرسیاریان لێ دەکات لە بارەی ژیانی دەرەوەی کار و خێزانەکانیان، کاتێک دەبینێت ڕۆژێک یاخوود ماوەیەک، کارمەندەکە تووشی هەستیاری بووە و گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتیدا ڕوویداوە، بە گرنگییەوە لێی دەڕوانێت و پرسیار لە بارەیەوە دەکات.
گەر تۆی خوێنەر بەڕێوەبەر یاخود سەرپەرشتیاریت، ئێستا پرسیارێک لەخۆت بکە، تاچەند کارمەندەکانت لە دەرەوەی ئۆفیس و کۆمپانیا دەناسیت؟ ئایا هاوسەرگیرییان کردووە؟ لەگەڵ کێ دەژین؟ چەند منداڵیان هەیە؟ کۆتایی هەفتەکانیان چۆن بەسەر دەبەن؟ کێشە و گرفتەکانیان چیە و چی بەربەستی بۆ درووست کردوون لە ژیانی دەرەوەی کارکردندا؟
لە ڕاستیدا لە شتێکی باش ناچێت گەر وەڵامی ئەم پرسیارانە نەزانیت!

یاسای (یەکەم جار منداڵەکان)

براین ترەیسی دەڵێت، کاتێک کۆمپانیاکەم لە گەورەبووندا بوو، چوار ئافرەتمان لەگەڵ بوو کە هاوسەرگیرییان کردبوو، دووگیان بوون و هەندێکیان یەکەم منداڵیان بوو، هەندێکیان دووەم یان سێیەم منداڵیان بوو، لە کاتێکدا من و هاوسەرەکەم چوار منداڵمان هەبوو، بە تەواوی دەمانزانی کە گەورەکردن و گرنگیدان بە منداڵان چەندە کارێکی سەختە، بۆیە یاسایەکی نوێمان دانا بەناوی (یەکەم جار منداڵەکان) ئەم یاسایە دەڵێت “منداڵی هەر یەکێک لە کارمەندەکانمان پێویستی بە بچووکترین شت هەبوو، ئەوا منداڵەکە یەکەمە پاشان ئەرک و کۆمپانیا دووەمە” دایکەکان لەماڵەوە دەمێننەوە و نایەنە سەرکار ئەگەر منداڵەکانیان نەخۆش بوو، یاخوود پێویست بوو بیبەنە لای پزیشک، یاخوود لە قوتابخانەوە پەیوەندیان پێوەکردن کە پێویستە ئامادەبن. تەنانەت ئاماژەمان بەوەش داوە کە هیچ مووچەیەک نابڕین و تەنها داوکاریمان ئەوەیە کە پێش ئەوەی بڕۆن، بەخێرایی کەسێک لە شوێنی کارەکە لە ئەرکەکانی خۆیان ئاگاداربکەنەوە.
ئێستا وا دەبێتە ٢٠ ساڵ کە ئەو یاسایە جێبەجێ دەکەین و تا ئێستا بچووکترین کێشە ڕووینەداوە و ئەنجامە باشەکانیشی بەڕوونی دەبینرێت.

جۆرایەتی دووەم: ڕوونی و ئاشکرایی.
دووەمین جۆرایەتی کە نیشانەی بەڕێوەبەری باش و سەرکەوتووە، ئەوەیە کە ڕوون و ئاشکرایە، بە تەواوی هەموو کەسێک دەزانێت چی دەوێت، ئەرکەکان چیە کە داوای دەکات، چۆن ئەنجام بدێت، کێ ئەنجامی بدات، جۆرایەتی و ئەنجامە خواستراوەکانیشی بە ڕوونی دەخاتە ڕوو.

کەواتە لەدوای باسکردنی هەردوو جۆرایەتییەکە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە چوار جۆر بەڕێوەبەر هەیە.
یەکەم: گرنگی بە کارمەندەکان نادەن و ڕوون و ئاشکرانین کە چییان دەوێت (لە ڕاستیدا ئەمانە خراپترین جۆرەکانی بەڕێوەبەرن)
دووەم: گرنگی بە کارمەندەکان دەدەن بەڵام و ڕوون و ئاشکرانین کە چییان دەوێت (کارمەندەکانی حەز بەژینگەی کارکردن دەکەن و ئاسوودەن، بەڵام هیچ ئەرک و لێپرسراویەتییەک بەباشی ناڕوات بەڕێوە)
سێیەم: گرنگی بە کارمەندەکان نادەن، بەڵام ڕوون و ئاشکران کە چییان دەوێت (کارمەندەکان بێزار و دڵتەنگن، بەڵام ئەرک و لێپرسراویەتییەکان تا ڕادەیەک بەباشی دەچن بەڕێوە)
چوارەم: گرنگی بە کارمەندەکان دەدەن و ڕوون و ئاشکران کە چییان دەوێت (کەش و ژینگەی کارکردن لەبار و ڕەخساوە، کارمەندەکان ئاسوودە و دڵخۆشن، هەروەها ئەرک و لێپرسراویەتییەکان بەباشترین شێوە دەڕۆن بەڕێوە)

جۆرایەتی سێیەم: ئازادییان بدەرێ.
سێیەمین جۆرایەتی کە لە بەڕێوەبەرە باش و سەرکەوتووەکاندا هەیە، ئەوەیە کە ئازادی دەدات بە کارمەندەکانی کاتێک ئەرکێکیان پێ دەسپێرێت، کۆنفۆشیۆس دەڵێت “لەگەڵ سەرکردە باشەکاندا، خەڵکی کاتێک کارێک ئەنجام دەدەن، دەڵێن (ئێمە) کردمان” لە ڕاپرسییەکاندا کارمەندەکان لە نیشانەی بەڕێوەبەرە باشەکاندا دەڵێن “بەڕێوەبەرەکەمان کاتێک ئەرکێکمان پێ دەسپێرێت و بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە چی دەوێت، دواتر بە تەنها جێمان دەهێڵێت و ئازادیی تەواومان دەداتێ، تا کارەکەمان ئەنجام بدەین” کارمەندەکان لەو کاتەدا لەوپەڕی شادی دا دەبن، کاتێک ئازاد و سەربەخۆ دەبن لە ئەنجامدانی ئەرکەکاندا، ئەمە مانای ئەوە نیە کە بە هەڕەمەکی کارەکان دەچن بەڕێوە و هەرکەسێک بۆخۆی کار دەکات، بەڵکو مانای ئەوەیە کە بەڕێوەبەر یاخود سەرپەرشتیار ئەرکەکەی خۆی ڕادەسپێرێت و ڕوون و ئاشکرا باسی دەکات کەچی دەوێت و پاشان لێ دەگەڕێت تا کارمەندەکە کارەکانی خۆی تەواو بکات. بۆیە کاتێک ئەرکێک بە کارمەندێک دەسپێریت پێویستە لەدوای شانیەوە لابچیت و ئازادی فەراهەم بکەیت.

کۆتایی بەشی یەکەم.

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکانی تر سەردانی پەڕەی بڵۆگ بکە.