زیاتر دەربارەی من

مانگی ئەیلولی ساڵی 2021 لەگەڵ دوو هاوڕێی تردا نووسینگەی سپارکمان دروستکرد، لە مانگی کانوونی دووەمی 2022 بەدواوە وەکو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نووسینگەکە کاردەکەم. بەهۆی گوێگرتن لە پۆدکاستی چاوگ و خوێندنەوەی بابەتەکان و ئاشنابوون بەو پڕۆژانەی کاریان لەسەر کردووە، ئاشنابووم بە نەرمەواڵەی ئازاد و سەرچاوەکراوە، هەروەها ئاشنابووم بە گنو، بۆ ئەوە دەبێت بەتایبەتیی سوپاسی کەسێک بکەم ئەویش (سیامەند نەریمان)ە کە ساڵی 2008 چاوگی دروستکردووە و لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی تر لەو ساڵانەدا ویکی، بڵۆگ، ڤیدیۆکاست و پۆدکاستی چاوگیان پێشکەشکردووە، هەروەها بەشداربوون لە وەرگێڕانی پڕۆژەکانی وەکو وۆردپرێس و کرۆم ئۆ ئێس، لەگەڵ ئەوەشدا پەرەپێدان و پێشکەشکردنی تەختەکلیلە کوردییەکان بۆ سیستەمەکانی ویندۆز و ماک و لیونکس. یەکێک لەو شتانەی لە ژیانمدا زۆر خۆشحاڵم پێی ئەوەیە کە ساڵی 2020 بوومە ئەندام لە چاوگ و لە زۆرێک لە ئەڵقەکانی پۆدکاستی چاوگ ئامادەییم هەیە.

بۆیە هەموو ئەوانەم باسکرد تا بڵێم چۆن ئاشنابووم بە گنو و نەرمەواڵەی ئازاد. ئێستا بەشدارییکردن و گرنگیدان بە نەرمەواڵە و پڕۆژە ئازادەکان ئەو شتەیە کە لەپێناویدا کاردەکەم و خۆشەویستییەکی لەڕادەبەدەرم هەیە بۆی. ئەگەر دەتەوێت لەبارەی گنو بزانیت دەتوانیت سەردانی ماڵپەڕی گنو یان ڕێکخراوی نەرمەواڵەی ئازاد بکەیت، لە ویکی چاوگیش لەبارەیەوە نووسراوە. گنو پێش هەموو شتێک فەلسەفەیە، هەروەها دەستە و کۆمەڵێکە لە نەرمەواڵەی ئازاد، هەروەها مۆڵەتی خۆی هەیە بەناوی GPL کە زۆر بە سادەیی دەڵێت “هەموو کەسێک بۆی هەیە نەرمەواڵەیەکی ئازاد بەکاربهێنێت، دەستکاریی بکات، دووبارە بڵاوی بکاتەوە، هەموو ئەمانە بە ئازادی. هەروەها هیچ کەسێک ناتوانێت نەرمەواڵەکە دابخات و بیکاتە بەرهەمی تایبەتیی کۆمپانیایەک. لەکاتی دووبارە بڵاوکردنەوەشدا دەبێت نەرمەواڵە دەستکاریکراوەکە هەمان مۆڵەت لەخۆی بگرێت” دکتۆر ڕیچارد ستۆڵمان کە دامەزرێنەری جوڵانەوەکەیە دەڵێت:

هاوبەشیکردنی زانست بنەڕەتیترین بنەمای هاوڕێیەتییە، چونکە ئەو ڕێگایەیە کە دەتوانیت شتێک ببەخشیت، بەبێ ئەوەی هیچ لەدەست بدەیت.

هەندێک جاریش دەربڕینی هەستەکانمان بە قسە کارێکی ئاسان نییە، چونکە هەست و سۆزەکانمان لە بەشی (The limbic system)ی مێشکمانەوەیە کە ئەو بەشە بەرپرس نییە لە زمان. بۆیە لە ناخمدا هەست دەکەم شتێکی گەورەتر لەوانەی نووسیومە هانم دەدات تا گرنگیی بەو بوارە بدەم. زۆر خۆشحاڵم کە ژیان بەرەو بواری کارگێڕیی کاری بردم لە زانکۆ، تا خوێندنم تەواو نەکرد نەمدەزانی ئەو بوارە چەند گرنگە و زانستێکە کە دەبێت هەمووان پێی ئاشنابن. ئەم چەند ساڵە دەمەوێت هەموو بوارانەی کارم تێداکردوون و شارەزاییم تێیدا هەیە هەمووی لە چوارچێوەی بەرهەم و ڕاژەی جیاوازدا پێشکەش بکەم. باوەڕم بە چی هەیە و بۆچی دەبێت بەیانیان لەخەو هەستم و بچمە سەرکار، لەبەرئەوەی دەبێت هەموو خاوەنکار، کارمەند، پیشەگەر، کارساز و بەڕێوەبەران، بێبەرانبەر و بە زمانی کوردی باشترین سەرچاوەکانیان لەبەردەست بێت بۆ فێربوونی زانست و لقەکانی کارگێڕیی کار، تا بە زانست و بە کارامەیی کارەکانیان بەڕێوە ببەن. خۆشحاڵم کە نووسینگەی سپارک ئەو شوێنەیە کە هەست دەکەم دەتوانم ئەو ئامانجەی تێدا بەدیبهێنم، سوپاسی هاوبەشەکانیشم دەکەم کە پێکەوە نووسینگەی سپارکمان دامەزراندووە کە ئەوانیش دەیانەوێت هەمان ئامانج بەدیبهێنین. بۆیە لە نووسینگەی سپارک دوو هێڵی کارکردنمان هەیە، هێڵی یەکەم بریتییە لە دروستکردنی سەکۆیەکی فراوان بۆ پەخش و پێشکەشکردنی زانست و لقەکانی کارگێڕیی کار بێبەرانبەر، هێڵی دووەمیش بریتییە لە دروستکردنی نەرمەواڵە و بەرهەمی بەکەڵک و بەسوود بۆ خاوەن کارە بچووکەکان تا بەباشترین و ئاسانترین شێوە کارەکانیان بەڕێوەببەن بە تێچوویەکی گونجاو. کەواتە دەمەوێت داهاتووی نووسینگەی سپارک چۆن بێت؟ دەمەوێت سپارک سەکۆیەکی فراوانی هەبێت تا بتوانیت سەردانی بکەیت و هەموو شتێک لەبارەی زانستی کارگێڕیی کار و لقەکانییەوە فێربیت، هەروەها بتوانیت لە چەندین بەرهەمی بەکەڵک بۆ بەڕێوەبردنی کارەکەت ئەوانە هەڵبژێریت کە پێویستتە و ئەزموونێکی نوێ تاقیبکەیتەوە.

مۆسیقا بەشێکی گرنگە لە ژیانمدا، گوێ لە هەموو بەرهەمێکی جوان دەگرم و پێزانینم هەیە بۆ هەموو هونەرمەندێک، چونکە لە منداڵییەوە وانەی فێربوونی پیانۆ وەردەگرم و خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ ئامێری پیانۆ هەیە. هونەرمەندە دڵخوازەکانم وەکو ئاوازدانەر و مایسترۆ: یانی و هانس زیمەرن، یەکێک لە یادگارییە جوانەکانی ژیانیشم ئەوەیە کە ئامادەی کۆنسێرتی هەردووکیان بووم. گۆرانیبێژە دڵخوازەکانم: فرێدی مێرکوری، تەیلۆر سویفت، بیڵی ئایڵش و سیروان خسرویییە. فیلمە دڵخوازەکانم بریتیین لە: (The Truman Show) و (La La Land). زنجیرە دڵخوازەکانم بریتیین لە: (The Office) و (The Good Place) و (After Life).

لە هەموو ڕۆژێکمدا دوو شت هەیە:

یەکەم: خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ زنجیرەی نووسینگەکە (The Office) هەیە و هەموو ڕۆژێک ئەڵقەیەک یان چەند ئەڵقەیەکی لێ تەماشا دەکەم. ئەگەر زانیارییت لەسەر زنجیرەکە نییە، زنجیرەی نووسینگەکە لەلایەن (ڕیکی جێرڤەیس) و (ستیڤن مێرچنت) نووسراوە و بە هاوکاریی (BBC) بەرهەم هاتووە. ساڵی 2003 بەرهەمهێنەر و نووسەری مەزن (گرێگ دانیەڵز) بڕیاری دا زنجیرەکە پەرەپێبدات و بەرهەمی بهێنێت بۆ تەلەفزیۆن و بینەری ئەمریکا، خێزانەکەی و هاوڕێیەکانی داوایان لێکردووە کە ئەو کارە نەکات چونکە شکست دەهێنێت، چونکە زنجیرە و دەقی بەریتانی بەتایبەتیی کۆمیدیا بۆ بینەری ئەمریکا نابێت، چەندین زنجیرە پێش ئەوە شکستیان هێناوە. بەڵام سوپاس بۆ گرێگ دانیەڵز کە سووربوو لەسەر بەرهەمهێنانی زنجیرەکە. زنجیرەکە مانایەکی زۆر دەبەخشێت بە ژیانم و هۆکاری ئارامیی دەروون و پێکەنین و دروست بیرکردنەوەمە. حەز دەکەم لە داهاتوودا لە بڵۆگەکەم بابەتی لەسەر بنووسم و ڕوونیبکەمەوە کە بۆچی ئەوەندە زنجیرەیەکی مەزنە لەلام و زۆرم خۆشدەوێت. نازانم تا ئێستا چەند جار تەماشام کردووە، ڕەنگە زیاتر لە 10 جار بێت. زۆرێک لە جوانکاریی و بەرهەمەکانییم هەیە، تەنانەت کتێبی (The Office BFFs) بە واژۆی (ئەنجێڵا کینزی) و (جێنا فیشەر)ەوە.

دووەم: خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ وۆردپرێس هەیە، وەکو پێشتر باسم کرد هەندێک جار قورسە بەتەواویی ڕوونی بکەیتەوە بۆچی خۆشەویستییەکی زۆرت بۆ شتێک هەیە، جگە لەوەی تەنیا دەتوانیت کۆمەڵێک خاڵی لۆجیکیی و ئەزموونی خۆت باسبکەیت کە بۆچی ئەو هەستەت هەیە. بەڵام وۆردپرێس کرۆکی هەموو شتێکە کە لە نووسینگەی سپارک ئەنجامی دەدەین، دەمەوێت لە داهاتوودا وۆردپرێسی کوردیی چالاک و قەرەباڵغ بێت، ڕۆڵێکی گەورەی هەبێت لە پەخشکردنی زانست و زانیاریی بە زمانی کوردی. ئەم ماڵپەڕە بە وۆردپرێس دروستکراوە و ڕووکاری فرۆست بەکاردەبات کە دیزاینەر و گەشەپێدەری مەزن برایەن گاردنەر دروستی کردووە.

ئەگەر دەتەوێت بابەتەکانم بخوێنیتەوە دەتوانیت لەم بڵۆگە و بڵۆگی نووسینگەی سپارک بابەتەکانم ببینیت. ئەگەر دەتەوێت گوێبیستی پۆدکاستەکانم بیت دەتوانیت گوێبیستی پۆدکاستی چاوگ و پۆدکاستی گەلاوێژ بییت. ئەگەر دەتەوێت بینەری ڤیدیۆی فێرکاریی بوارەکانی کارگێڕیی کار بییت، دەتوانیت سەردانی کەناڵی نووسینگەی سپارک بکەیت لە یوتیوب. ڕەنگە حەزیش بکەیت گوێبیستی چەند کارێکی هونەریی ببیت کە ئەنجامم داون، دەتوانیت سەردانی پەخشەرەکانی وەکو سپۆتیفای و ئەپڵ موزیک و هاوشێوەکانی بکەیت بۆ گوێگرتن لە چەند بەرهەمێک کە دروستم کردوون.

ئەگەر دەتەوێت پەیوەندییم پێوەبکەیت و باسی بابەتێک بکەین، یان پرسیار و تێبینییەکت هەیە، خۆشحاڵ دەبم و لە پەڕەی پەیوەندیی نامەیەکم بۆ بنووسە.